لە سێ مانگدا ٦٠ کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانی
١٤ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٢:١٣
هەنگاو: لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٠ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە و یان کوژراون و بریندار کراون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو)، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧ واتە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ٥٩ کۆڵبەری کورد کوژراون و یان بریندار بوون. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هێندیک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە سەردەشت ٣ کۆڵبەر بریندار کراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناسنامەیان بۆ (هەنگاو) ڕوون نەبووەتەوە لەم ئامارەدا زیاد نەکراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ٢٥ کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست داوە کە ٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران، ٦ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ و ١٢ کۆڵبەریش بەهۆی سەرما و ڕنوو گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها بەپێی ئاماری (هەنگاو)، لەو ماوەیەدا ٣٤ کۆڵبەری کورد بریندار بوون کە ٢٤ حاڵەتی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ١٩ حاڵەتی کوژران و ٢٩ حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران لە پارێزگای ئورمیە، ١ حاڵەتی کوژران و ٥ حاڵەتی بریندار بوون لە پارێزگای کرماشان و ٥ حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەران لەپارێزگای سنە تۆمار کراوە.
ناو و نازناوی تەواوی ئەو کۆڵبەرانە لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) تۆمار کراوە.
بەکار هێنانی ئەم ئامارە بەمەرجی هێنانی ناوی سەرچاوە(هەنگاو) ڕێگەپێدراوە.