دەستبەسەر کرانی سێهەمین هاووڵاتیی کورد لە بۆکان
١٤ خاکەلێوە ٢٧١٧، ١٦:٠٧
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆکانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، ڕۆژی دوشەممە ١٢ی خاکەلێوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێران لەشاری بۆکان هێرشیان کردە سەر خانووی هاووڵاتییەکی کورد و دەستبەسەریان کرد.
هەواڵنێری (هەنگاو) لەشاری بۆکان ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی (ڕەئووف جەلیلی) ناسراو بە شێرکۆ ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووە سەر خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پاش لێدان و بێڕێزی پێکردن دەستبەسەریان کردووە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی شێرکۆ، هەتا ئێستا شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو ناڕوونە و هۆکاری دەستبەسەرکرانی نەزانراوە.
ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوون.