بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد ماوەی ٧ ساڵە لە گرتووخانەیە و چارەنووسی ناڕوونە

٢٣ خاکەلێوە ٢٧١٧، ١٣:٣٦
هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد کە ساڵی ١٣٨٨دەستبەسەر کراوە، هەروا چارونووسی ناڕوونە و لە خـزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی ئەنوەر خزری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەسبەسەرکرا. ناوبراو هەنووکە لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە و لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە. ئەنوەر خزری بەهۆی ئەشکەنجە لەکاتی دەستبەسەری لە ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی دانپێدانان، تووشی ئازار و نەخۆشی بووە و هەنووکەش مافی ئەوەی پێ نادرێت کە چارەسەریی پزیشکی وەربگرێت و هەروەها دەوترێت کە پەروەندە دەرمانییەکەشی ون بووه. ناوبراو پاش زیاتر لە ٧ ساڵ لە دەسبەسەرکران، هێشتا چارەنووسی ڕوون نەبووەتەوە. هەواڵنێری هەنگاو ڕایگەیاند کە ئەم گیراوە کوردە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ هاوڕێ لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی کوردی دیکەی شارەکانی مەهاباد و سەقز به ناوەکانی، داوود عەبدوڵایی، کامران شێخە، فەرهاد سەلیمی، خەسرەو بەشارەت، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی دەستبەسەر کراوە. کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ٩٤ی هەتاوی، دانیشتنی دادگای ئەم گیراوە کوردانە لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی مقیسە بەڕێوەچوو. لەم دادگایەدا بە تۆمەتگەلێکی وەکوو هەوڵدان دژی تەنایی نەتەوەیی ، ئەندامەتیی لە گرووپە سەلەفییەکان و " فساد فی الارض " بە لەسێدارەدان مەحکووم کران و پاش سکاڵای پارێزەر حوکمەکەیان هەڵوەشاوەتەوە بەڵام هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە