حەسەن شێخ‌ئاغایی دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرا

٢٥ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٢:٣٩
هەنگاو: حەسەن شێخ ئاغایی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی مەهاباد، لە گرتووخانە ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، حەسەن شێخ ئاغایی ڕۆژنامەنووسی بە پێشینە و ناسراوی خەڵکی مەهاباد، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە، لە کاتێکدا ١٨ ڕۆژی بۆ کۆتایی ماوەی حوکمەکەی مابوو، لە گرتووخانەی مەهاباد ئازاد کرا. هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهاباد، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن شێخ ئاقایی و دوای ئەوەی دەستبەسەریان کردووە، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەهابادیان کردووە. هەواڵنیری "هەنگاو" لە شاری مەهاباد ڕایگەیاند کە ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکە مەدەنییە لەلایەن "دادگای ئینقلابی مەهاباد"ەوە بە سەرپەرستی "دادوەر محەممەدخاهـ"، بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە نیزام لە ڕێگای چالاکی لە ماڵپەڕی ڕوانگە"وە سزای ٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە وەک خۆی پژڕاست کراوەتەوە. حەسەن شێخ ئاوایی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو. ماڵپەڕی ڕوانگەی کە ناوەندەکەی لە شاری مەهاباد بوو، بابەتی بە دوو زمانی کوردی و فارسی لەسەر پرسەکانی تایبەت بە کوردستان بڵاو دەکردەوە کە دوای دەستبەسەرکرانی بەڕێز شێخ ئاقایی چالاکییەکانی ڕاوەستا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە