برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە هەورامان
٢٦ خاکەلێوە ٢٧١٧، ١٧:١٤
هەنگاو: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی بێساران، بەهۆی سەرمابردوویی لە گەردەنەی تەتە، بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، دوێنێ هەینی ڕێکەوتی ۲٥ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی بێسارانی سەربە ناوچەی مەریوان، بەهۆی سەرمابردوویی و کڕێوە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە چیای تەتە تووشی بێهۆشی بووە.
هەواڵنێری هەنگاو ناوی ئەو کۆڵبەرەی "بەهمەن یەعقووبی" ڕاگەیاندووە کە پاش ئەو ڕووداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "بوو عەلی"ی مەریوان کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەم کۆڵبەرە کوردە بەهۆی ونکردنی ڕێگا و سەرماوسۆڵە و بەفرەوە لە هۆش خۆی چووبوو و خەڵکی ناوچەکە و کۆڵبەرەکانی دیکە بە بێهۆشی دۆزیبوویانەوە و لە مردن ڕزگاریان کردووە.