پاوە/ لانیکەم ١٢ هاووڵاتی دەستبەسەر کران
٣٠ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٢:٥٨
هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران لەشاری پاوە لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، لەسەرەتای حەفتەی ڕابردووە، ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی پاوە هێرشی کردووە سەر خانووی هاووڵاتیانی کورد و لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری (هەنگاو) لە شاری پاوە ناسنامەی ٥ هاووڵاتی کە ڕۆژانی یەکشەممە و سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو واتە ٢٠ و ٢٢ی خاکەلێوە دەستبەسەر کراون بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاندووە؛
١_ جونەید هیدایەتی
٢_ فەرید ئەحمەدی
٣_ سۆران ئەحمەدی (برای فەرید)
٤_ دڵسۆز محەممەدی
٥_ ئەرسەلان ئەحمەدی
ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی" پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" دەستبەسەر کراون و ئێستا لە گرتووخانەی سیاسی (گۆڕەپانی نەوت)ی شاری کرماشان ڕاگیراون.
چەندین هاووڵاتیی دیکەش دەستبەسەر کرون کە بەشیکیان ئازاد و لەچارەنووسی بەشێکی دیکەیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسداران لەکاتی دەستبەسەر کردنی جونەید هیدایەتی دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە و دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراو وەکوو موبایل و لەب تۆپ و ...دا گرتووە.