ڕاگواستنی زیندانییەکی کورد لە ژووری تاکەکەسییەوە بۆ بەندی زیندانی ئێڤین پاش ٤٧٢ ڕۆژ

٣١ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٢:٣٩
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد کە ڕەگەزنامەی ئێرانی ــ ئوتریشیی هەیە، پاش نزیک بە ٥٠٠ ڕۆژ بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو" و بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "مافی مرۆڤ لە ئێران"، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، کامران قادری زیندانیی سیاسیی خەڵکی شنۆ، پاش ٤٧٢ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی زیندانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا. بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانە. کامران قادری ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی پاش گەڕانەوە بۆ ئێران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو ڕۆژی سێ‌شەمە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای "قەزایی"ی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا"، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. کامران قادری لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئوتریشی ــ ئێرانی، دوکتورای بەرق و ئەلێکترۆنیکی زانینگەی ڤیەنی ئوتریشی هەیە و لە بواری ئای‌تی‌دا چالاک و بەڕێوەبەری کۆمپانیای "ئاوانەک" لە وڵاتی ئوتریش دایە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە