لە سەد و نۆزدەیەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، "هەنگاو" خوازیاری ئازادیی زیندانییانی ڕۆژنامەنووسە

٢ بانەمەڕ ٢٧١٧، ١٤:٢٢
هەنگاو: لە حاڵێکدا کە دوانزە دەیە لە دامەزرانی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە تاراوگەدا تێپەڕ دەبێت، هێشتا مافی ڕۆژنامەنووسانی کورد مسۆگەر نەبووە و ژمارەیەکیان لە هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیە لە زینداندا بەند کراون. ٢٢ ئاڤریل بەرانبەر بە ٢ی بانەمەڕ، وەکوو ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کورد دیاری کراوە. ١١٩ ساڵ پێش ئێستا و لە وەها ڕۆژێکدا، میقداد میدحەت بەدرخان، یەکێک لە ڕووناکبیر و هزرمەندەکانی کوردستانی باکوور، یەکەمین بڵاڤۆکی کوردیی لەژێر ناوی "ڕۆژنامەی کوردستان" لە شاری قاهیرە پێتەختی وڵاتی میسر، بڵاو کردەوە. بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەم بۆنەوە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت ئەو کەسانە دەکات کە بەبێ هیچ چەشنە چاوەڕوانییەک لە ڕاستانی ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان چالاکن، هاوکات خوازیاری ئازادیی سێ ڕۆژنامەنووسی بەندکراوی کوردە لە زیندانەکانی ئێراندا. بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، ٣ ڕۆژنامەنووسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی سزای ٤٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و هەنووکە لە زیندانەکانی ئێران بەند کراون. ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردانە بەم چەشنەیە: ١ ــ محەممەد سەدیق کەبوودوەند/ خەڵکی دیواندەرە/ سزای ١١ ساڵ/ زیندانی ئێڤینی تاران. ٢ ــ کەماڵ شەریفی/ خەڵکی سەقز/ سزای ٣٠ ساڵ زیندان/ زیندانی میناب. ٣ ــ خوسرەو کوردپوور/ خەڵکی مەهاباد/ سزای ٥ ساڵ زیندان/ زیندانی تەورێز. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا دوو ڕۆژنامەنووسی کورد بە ناوەکانی "حەسەن شێخ‌ئاغایی و کەیوان کەریمی" بە مەرج لە زیندانەکانی مەهاباد و ئێڤینی تاران ئازاد کرابوون. بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی هەنگاو لە کۆتاییدا وێڕای پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێبازی مرۆیی و نەتەوەیی خۆی لە بواری مافی مرۆڤدا، زیندانیکرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردانە مەحکووم دەکات و خوازیاری ئازادیی بێ‌ئەملا و ئەولای هەموو ئەو زیندانییانەیە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە