خاکەلێوەی سووری کۆڵبەران، ٢٣ قوربانی لە یەک مانگدا
٣ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٠٣:٢٧
هەنگاو: کوژران و برینداربوون کۆڵبەران و کاسبکاران لە مانگی ڕابردوودا زیادبوونی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەک ژمارەی کوژراوان لە بریندارەکان زیاتر بووە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی (هەنگاو)، لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاویدا، لانیکەم دوانزە کۆڵبەر کوژراون و ١١ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤ کەس لەو کۆڵبەرانە کە گیانیان لە دەست داوە بە هۆی هاتنی ڕنوو، ٤ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران، ٣ کۆڵبەر بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی چیاکان و کۆڵبەرێکیش بەهۆی خنکان لە ئاودا بووە.
٤ کۆڵبەر خەڵکی خۆی، ٢ کۆڵبەر خەڵکی سەردەشت، ٢ کۆڵبەر خەڵکی بانە و ٤ کۆڵبەری دیکەش کە لەم مانگەدا گیانیان لە دەست داوە خەڵکی شارەکانی، سەقز، سەوڵاوا، سەڵماس و کامیاران بوون.
هەروەها لەو ١١ کۆڵبەرە کە بریندار بوون ١٠ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران و کۆڵبەرێکیش بەهۆی سەرمابردوویی، ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
بەپێی ئەم ئامارە، لە تێکڕای کۆڵبەرە بریندارەکاندا کۆڵبەرێک خەڵکی سەردەشت، ٢ کۆڵبەر خەڵکی سەلاس باوەجانی و ٣ کۆڵبەری دیکەش خەڵکی شارەکانی مەهاباد، سەوڵاوا و بانە بوون.
لە مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی سەردەشت و شنۆ، ٣٣ سەر ئەسپی کۆڵبەر و کاسبکاران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە کوشت چوون و هەروەها سێ حاڵەتیش لە زەوتکردن و ئاگردانی باری کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە کوردستان تۆمار کراوە.
ناو و ناسنامەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، تۆمار کراوە.
کەڵکوەرگرتن لە ئامارەکانی ماڵپەڕی "هەنگاو "بە ئاماژەکردن بە سەرچاوە، ڕێگەپێدراوە.