زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەردەبیل، ١١ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

٦ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٢٢:٥٠
هەنگاو: زیندانییەکی سیاسیی کورد سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستیی، پاش ١١ ڕۆژ مانگرتن بۆ قەرەنتینەی زیندان ڕاگوێزرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی ئێران، عومەر فەرهەنگ زیندانیی سیاسیی کورد کە ١١ ڕۆژ پێش ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ئەردەبیل مانی لە خواردن گرتووە، ڕۆژی ڕابردوو پاش ١٠ ڕۆژ لە مانگرتن ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندان کرا. ڕاگواستنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتێک دایە کە ١١ ڕۆژە مانگی لە خواردن گرتووە و لە دۆزی نالەباری جەستەیی دایە. عومەر فەرهەنگ لە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بێ‌بەشکرانی لە مافی مەرەخەسی، دەستی داوەتە مانگرتن. ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی زیندانیی درێژماوە، خراپیی خۆراک و دژەخۆراکی و نەبوونی بێهداشت لە زینداندا، تووشی کێشەی جیدیی تەندروستی بووە. زیاتر لە سێ ساڵە کە ڕژێنەیەک لە ملی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دروست بووە کە بە وتەی پزیشکان پێویستیی بە نەشتەرگەریی خێرا و داو و دەرمانی تایبەتی هەیە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و ناردنی نامە لەلایەن خودی عومەر فەرهەنگەوە، بەرپرسانی "قەزایی" وەڵامی داخوازییەکانیان نەداوەتەوە و لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن. عومەر فەرهەنگ لە دایکبووی ساڵ ١٣٥١ی هەتاوی و دانیشتووی شاری ئورمیە، ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە ئورمیە دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی "هاوکاریی حیزبە کوردییەکان"، سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەردەبیلی بەسەردا سەپا و ناوبراو هەنووکە ٩ ساڵ لە حوکمەکەی تێپەڕ بووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە