بارمتەی میلیاردی بۆ ئازادیی زیندانییەکی سیاسیی کورد

٧ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٠٢:٣٠
هەنگاو: بەرپرسانی زیندانی ئورمیە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد، داوای بارمتەی قورسیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە توانای دانی ئەو بڕە پارەیان نییە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، بەرپرسانی زیندانی دەریای ئورمیە لەمەڕ ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی ''حوسێن حەمزەپوور'' داوای ۷۵۰ میلیۆن تمەن بارمتەیان لە بنەماڵەکەی کردووە. ئەو زیندانییە کوردە ۶ مانگە لە زیندانەکانی بۆکان و ئورمیە ڕاگیراوە و هەروا چارەنووسی ناڕوونە. حوسێن حەمزەپوور لە کۆتایی‌یەکانی ساڵی ۹۵ هاوڕێ لەگەڵ دوو برای بەناوەکانی ''هێمن و سابیر'' لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە لە گوندی ''قەرەگۆل''ی بۆکان دەسبەسەر کران. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە توانای دانی ئەو بڕە بارمتەیانە نییە و بەرپرسانی زیندانیش، ئازادیی ناوبراویان بە دانی ئەو بارمتەیە مەرجدار کردووەتەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە