سەقز/ تەقینەوەی مین قوربانیی لێ کەوتەوە + ناسنامە

٩ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٠٣:٤١
هەنگاو: تەقینەوەی مین لە شارەکانی کوردستان هەروا قوربانی دەگرێت و لە دوایین حاڵەتیشدا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لاقێکی لە دەست دا. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سەقز ناوی ئەو هاووڵاتییەی ''ئەحمەد غوڵامی'' کوڕی قاسم و تەمەن ٤٧ ساڵ ڕاگەیاندووە کەلە کاتی گەڕاندا چووەتە سەر مین و لاقی چەپی لە دەست داوە. ناوبراو خەڵکی گوندی ''کانی کەون'' و دانیشتووی گەڕەکی ''شەریف ئاوا''ی شاری سەقزە. ئەو مینە لە نزیکی مۆڵگەیەکی هێزەکانی حکوومەتی ئێران بەناوی "بەرد قاورمە''ی گوندی ''جەوشەن'' ناوچەی سەرشێوی سەقز تەقیوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو، ئەو هاووڵاتییە کوردە هەنووکە لە ناوەندێکی دەرمانیی شاری سەقز لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە