دەستبەسەرکرانی چالاکێکی ئیلامی بە تۆمەتی بێ ڕێزی بە پیرۆزییەکان
٩ بانەمەڕ ٢٧١٧، ١٧:٣٢
هەنگاو: شاعیر و چالاکوانێکی سیاسیی خەڵکی ئیلام بەهۆی نووسینی تەنزە شیعرێک لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) داواکاری گشتیی ئیلام بڕیاری دەستگیرکردنی (علیمحەمەد محەمەدی) شاعیر و چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی ئیلامی داوە و هۆی ئەو بڕیارەشی بۆ نووسین و خوێندنەوەی شیعرێک لەبارەی هەڵبژارنەکانی ئێران و سووکایەتی بە ئیمامی هەشتەمی شیعەکان بووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو شاعیرە کوردە کە خۆی ئەندامی یەکێک لە بنکەکانی بانگەشەی حەسەن ڕۆحانییە، ئەو شیعرەی ڕۆژی پێنجشەممە 2017/4/27 بە زمانی کوردی خوێندووەتەوە کە بە بڕیاری ناوەندە ئەمنی و قەزایی و مەرجەعەکانی تەقلید بەم بۆنەوە کە گوایە سووکایەتی بە ئیمامێکی شیعەکان کراوە، ڕۆژێکیان وەک ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندووە.
ئەو شاعیرە کورد لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بنکەی بانگەشەی هەڵبژاردنی حەسەن ڕۆحانی لە ئیلام ڕوو بە خوێندنەوەی دەقە شیعرێکی تەنزاوی بە شێوەزاری کەلهوڕی گلەیی لە ئیمامی هەشتەمی شیعەکان کردووە کە تەنیا ئیمامی (بناژۆخوازەکان) و وەک ئیمامی ڕیفۆرمخوازەکان خۆی لە قەڵەم نادات.
لەم بارەوە "سادق حوسێنی" فەرماندەی سوپای پاساداران لە پارێزگای ئیلام، "مەکارم شیرازی" مەرجەعی تەقلیدی شیعەکان، و "محەمەد شەریعەتمەداری" سەرۆکی بنکەی بانگەشەی هەڵبژاردنی حەسەن ڕۆحانی بە بڵاوکردنەوەی چەند بەیاننامەی جیا داوایان کردووە بە توندی ڕووبەڕووی "کەسی تاوانبار و ئەگەری دەستەکانی پشت ئەم ڕووداوە"، ببنەوە.
عەلیمحەمەد محەمەدی، لەدایکبووی 1969ی شاری ئەیوانغەربی ئیلام، سەرۆکی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی ئەیوان، کارناسی باڵا لە بواری کیمیا، هەروەها مامۆستای قوتابخانە و پەیمانگەکانی ئەیوان و یەکێک لە شاعیران و چالاکوانانی بواری ئەدەب و سیاسەتە.