لە مانگی ئاڤریلی ئەمساڵدا ٢۵ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون

١٠ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٢١:٠٧
هەنگاو: لە سەرەتای مانگی ئاڤریلی ٢٠١٧ی زایینی هەتا کۆتایی ئەو مانگە ۲۵ هاووڵاتیی کورد لە ئێران دەسبەسەر کراون. بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، ۲۵ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی یەک مانگدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٢ هاووڵاتی لە شاری مەریوان، ۵ هاووڵاتی لە شاری پاوە، ٣ هاووڵاتی لە شاری بۆکان، ٢ هاووڵاتی لە شاری مەهاباد، ٢ هاووڵاتی لە شاری سەوڵاو و هاووڵاتییەکیش لە شاری ئەیوان غەرب لە مانگی ئاڤریلی ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کراون. تۆمەتی زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە "هاوکاریی حیزبە کوردییەکان و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەریوان" تۆمار کراوە و هەروەها بەشێک لەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی ''چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان'' لەو مانگەدا دەسبەسەر کراون. لەنێو دەسبەسەرکراوانی ئاڤریلی ٢٠١٧دا هاووڵاتییەک بە تۆمەتی ''بێ‌حورمەتی بە ئیمام ڕەزا'' دەسبەسەر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ماڵپەڕی هەنگاو، ٨ هاووڵاتی لەو ۲۵ هاووڵاتییە کەلە مانگی ئاڤریلی ئامساڵدا دەسبەسەر کراون پاش یەک ڕۆژ دەسبەسەرکران، ئازاد کراون. ناو و شوناسی دەسبەسەرکراوان لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لە ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو، بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕێگە پێ دراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە