پێشێلکاریی مافی کرێکارانی کوردستان/ ڕاپۆرتی ١ی مای

١١ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٠٤:٥٢
هەنگاو: لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣ هەزار و ۵۴۴ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراوە.   بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە ١ی مای ٢٠١۶ی زایینییەوە هەتا ١ی مای ٢٠١٧، (١١ی بانەمەڕی ١٣٩۵ هەتا ١١ی بانەمەڕی ٩۶) بە گشتی ٣۵۴۴ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراوە.   کرێکاری ــ بە پشت بەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٧٣ حاڵەتی مەرگی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان تۆمار کراوە. ــ لەم ساڵەدا ٨٢ حاڵەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە. ــ لە سەرەتای مانگی مای ٢٠١۶ هەتا ١ی مای ٢٠١٧، زیاتر لە ٣١٧٠ کرێکاری کورد لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە لەسەر کارەکانیان دەر کراون.   چالاکانی کرێکاری ــ بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ١١ی بانەمەڕی ١٣٩۵ی هەتاوییەوە هەتا ١١ی بانەمەڕی ١٣٩۶، بە گشتی ٢٢ چالاکی کرێکاریی کورد لەلایەن ناوەندی ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون. ــ هەروەها لەو ماوەیەدا ٣٣ چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران و لێپێچینەوەیان لێ کراوە. ــ هەروەها لەو ماوەیەدا ٧ چالاکی کرێکاری بە گشتی ۶۶ مانگی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.   کۆڵبەران و کاسبکاران ــ بە پشت بەستن بە ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو، لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە گشتی ٧۴ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە کە لەو ڕێژەیەدا ۵٠ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان و هێزەکانی سەر سنووری حکوومەتی ئێران بووە. ــ هەروەها لەو ١٢ مانگەدا ٨٣ کۆڵبەری کورد بریندار بوون کە ۵٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون و ٢۶ کەسیشیان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکان بووە.     کەڵکوەرگرتن لە ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو بە ئاماژەکردن بە سەرچاوە، ڕێگە پێ دراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە