دەسبەسەرکرانی ٨ هاووڵاتی پاش برینداربوونی دوو ئەندامی سپای پاسداران

١٤ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٠٣:٤٣
هەنگاو: پاش شەڕ و تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردووی کەسانێکی نەناسراو لەگەڵ سپای پاسداران لە یەکێک لە گوندەکانی شنۆ، لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کران. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی بانەمەڕ هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران هەشت هاووڵاتیی کوردیان لە گوندی ''بێمزڕتی''ی شاری شنۆ دەسبەسەر کرد. هەواڵنێری هەنگاو ناوی ئەو ٨ هاووڵاتییەی بەم شێوە ڕاگەیاندووە؛ ١ ــ وەسیم حمکۆ کوڕی ڕەشید، ٢٠ ساڵ ٢ ــ کەریم شوان، ٥٧ ساڵ ٣ ــ کەماڵ حوسێن دووست کوڕی محەممەد مەلەک، ٢٨ ساڵ ٤ ــ خوسرەو حمکۆ کوڕی محەممەد، ٣٥ ساڵ ٥ ــ موبین حمکۆ کوڕی کامران، ١٦ ساڵ ٦ ــ ڕەشید حمکۆ کوڕی حمکۆ، ٥٠ ساڵ ٧ ــ جەلال بەشیری کوڕی خدر، ٤٥ ساڵ ٨ ــ ئازاد زەنگی کوڕی عەبدوڵڵا، ٣٥ ساڵ ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی بیمزڕتی بوونە و هەنووکە ڕاپێچی زیندانی ئیتلاعاتی شنۆ کراون. شەوی ڕابردوو کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامدا فەرماندەرێکی ئەو سپایە بە ناوی ''بەیتوڵڵا دادخاهـ'' و ئەندامێکی دیکەیان بە توندی بریندار بوون. ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ئورمیە کراون و بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێ کراوە بڕبراکێی پشتی ''دادخاهـ'' پچڕاوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە