داواکاریی بارمتەی ٢ میلیاردی بۆ گیراوانی شنۆ

١٦ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٠٢:٥٤
هەنگاو: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ ئازادیی ۶ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بڕی یەک میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەن داوای بارمتەیان لە گیراوانی ئەو شارە کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، ''دادگای شاری شنۆ'' بۆ هەر کام لە گیراوانی شاری شنۆ بڕی ٣٠٠ میلیۆن تمەن بارمتەیان دیاری کردووە هەتا بە شێوەی کاتی ئازادیان بکەن. ئەو ۶ هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ بانەمەڕ و پاش تێکهەڵچوونی کەسانێکی نەناسراو لەگەڵ سپای پاسداران و برینداربوونی دوو ئەندامی ئەو سپایە، دەسبەسەر کرابوون. پێشتر ماڵپەڕی هەنگاو ناوی ئەو ۶ هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی ''بێمزرتی''ی بەم چەشنەی خوارەوە بڵاو کردبووەوە؛ ١ ــ خوسرەو فەزڵی (حمکۆ) کوڕی محەممەد و تەمەن ٣۵ ساڵ ٢ ــ فەرهاد فەزڵی (حمکۆ) ٣ ــ جەلال بەشیری کوڕی خدر و تەمەن ۴۵ ساڵ ۴ ــ کەماڵ حوسێن دووست کوڕی محەممەد مەلیک و تەمەن ٢٨ ساڵ ۵ ــ نەجمەدین مورادی ۶ ــ ئازاد ڕەنگی کوڕی عەبدوڵڵا و تەمەن ٣۵ ساڵ ئەو هاووڵاتییانە هەموویان خەڵکی گوندی ''بیمزڕتێ'ی سەربە شارستانی شنۆن و هەنووکە لە زیندانی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا دەسبەسەرن. شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر گرووپێک لە هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامدا فەرماندەرێکی ئەو سپایە بەناوی ''بەیتوڵڵا دادخاهـ'' و ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران بە توندی بریندار بوون. ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران لەمەڕ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە کراون و بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێ کراو، ''دادخاهـ'' بڕبڕاکێی پشتی پچڕاوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە