گوشاری حکوومەتی ئێران بۆسەر بنەماڵەی چالاکێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی نوروێژ+بەڵگە

١٩ بانەمەڕ ٢٧١٧، ١٣:٤٦
هەنگاو: دەزگای ناسراو بە ''دادگوستەریی حکوومەتی ئێران'' لە نامەیەکدا هەڕەشەی زەوت‌کردنی زەویی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی دانیشتووی نوروێژ دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، ''لقی بەڕێوەبەریی دادگای ئینقلابی مەهاباد'' لە نامەیەکدا بانگهێشتی بنەماڵەی ''کاوە حەسەن‌پووژ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کوردی دانیشتووی وڵاتی نوروێژی کردووە. ''دادگای ئینقلابی ئێران'' لەو نامەیەدا هەڕەشەی زەوت‌کردنی زەویی بنەماڵەی کاوە حەسەن‌پوور لە ئەگەری نەگەڕانەوە بۆ ئێران و ڕادەست‌نەکردنی خۆی بە بەرپرسانی ''قەزایێ'، کردووە. لەو بانگهێشتننامەیەدا کە بۆ بنەماڵەی حەسەن‌پوور نێردراوە و کۆپییەکی بە دەست هەنگاو گەیشتووە، هاتووە؛ کاوە دەبێ لە ماوەی ٢٠ ڕۆژەدا خۆی ڕادەست بکات و ئەگەر ئەو کارە نەکات ئەوە بڕی بارمتەی دیاریکراوی ١٠٠ میلیۆن تمەن کە پێشتر بۆ ئازادیی ناوبراو دانراوە، بە قازانجی دەوڵەت زەوت دەکرێ. کاوە حەسەن‌پوور تەمەن ٣۶ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە، ۶ ساڵ پێش ئێستا بەناچار ئێرانی بەجێ هێشت و لە وڵاتی نوروێژ گیرسایەوە. کاوە حەسەن‌پوور سەرەڕای هێرشکرانە سەر ماڵەکەی و زەوت‌کردنی کەلوپەلی تاکەکەسی و کۆمپیۆتەر و پەرتووکەکانی، لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە بانگهێشت، لێپێچینەوە و ئەشکەنجە و زیندانی کراوە. ناوبراو پێش بەجێهێشتنی وڵات، سزای ٣ ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپابوو. کاوە حەسەن‌پوور چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد، بەرپرسی ئەنجومەنی زانستی، ئەدەبی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزیی ''هەتاو'' و هەروەها بڵاڤۆکێک هەر بەو ناوەوە بوو کە پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیتلاعات و گوشارەکان بۆسەر خۆی و بنەماڵەکەی چالاکییەکانی ئەو بڵاوڤۆک و ئەنجومەنە لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە قەدەغە کرا.   18361365_1857038191177314_1345690311_n

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە