بەیاننامەی ئەنجومەنە کوردییەکان لەمەڕ پێشگیری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا/ ئەگەری مانگرتنی چالاکانی فەرهەنگی

٢٢ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٢٣:٣٠
هەنگاو: ژمارەیەک ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی زانینگەی پەیام‌نووری سنە لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری پێشگیری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێران دان. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، یانزە ئەنجومەنی زانینگەی پەیام‌نووری سنە، خوازیاری گەڕاندنەوەی بەڕێوەبەردنی پۆلەکانی زمانی کوردی بۆ ئەنجومەنی ''گفتوگۆی فەرهەنگەکان'' (پەسندکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگیی ساڵی ٨٩ ــ ٩٠) و سەربەخۆیی تەواوی ئەو ئەنجومەنە لە چالاکییە غەیرە خوێندکاری و غەیرە زانینگەیی‌یەکان دان. ئەو یانزە ئەنجومەنە بەناوەکانی ''گفتوگۆی فەرهەنگەکان، ژن، ژینگە، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ماف، کاکڵەی شارسازی، وەرزش، نژیارڤانی، شانۆ و ناوەندی مانگی سووری زانینگەی پەیام‌نووری سنە'' بە ناردنی نامەیەک بۆ بەرپرسی ئەو زانینگەیە، خوازیاری بەدیهاتنی داواکارییەکانیانن. نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە داخوازییەکانیان بە داواکاریی زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی، خوێندکاری، مامۆستایانی زانکۆ، چالاکانی ئەدەبی و ... هتدی زانینگەی پەیام‌نووری سنە دەزانن و ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری بێ‌وەڵام مانەوەی داواکارییەکانیان، بە زووترین کات مانگرتنی سەرانسەری ڕادەگەیەنن. وێنەی دەقی وەرگێڕدراوی ئەو بەیاننامەیە کە بە زمانی فارسی بۆ ماڵپەڕی هەنگاو نێردراوە، بەم چەشنەیە؛ من شنۆ محەممەدی بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی ''گفتوگۆی فەرهەنگەکان'' بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم ئەنجومەنە لە دەسپێکی دامەزرانییەوە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی چالاک لە چوارچێوەی چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی زانینگەی پەیام‌نووری سنەدا دەرکەوتووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەنجومەنی گفتوگۆی فەرهەنگەکان بەڕێوەبەردنی پۆلەکانی زمانی کوردیی لە چوارچێوەی کاریی خۆی داناوە و چەندین ساڵە لەم بوارەدا چالاک بووە و زمانی کوردی فێری خوێندکارانی خوازیار کردووە. بەڵام دوو ساڵە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنە قەدەغە کراوە و لەژێر چاودێریی هەندێک لە حیزبەکانی گرێدراوی دەوڵەت لە دەرەوەی زانکۆ، ئەو چالاکییانە بەڕێوە دەچن، بۆیە هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەنجومەن و چالاکانی خوێندکاریی زانینگەی پەیام‌نووری سنە بە شێوەی فەرمی داواکارم، بەشی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ ئەنجومەنی ''گفتوگۆی فەرهەنگەکان'' (پەسندکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگیی ساڵی ٨٩ ــ ٩٠) بگەڕێندرێتەوە، سەربەخۆیی تەواوی چالاکییەکانیشی گارەنتی بکرێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە