لەسێدارەدانی ٣٢٨ هاووڵاتیی کورد لە سەردەمی سەرکۆماریی ڕۆحانیدا
٢٨ بانەمەڕ ٢٧١٧، ١٧:٢٢
هەنگاو: لە سەردەمی چوار ساڵەی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا لانیکەم لە هەر ٤ ڕۆژدا هاووڵاتییەکی کورد لە سێدارە دراوە.بە واتایەکی دیکە مانگانە سزای سێدارەی ٧ هاووڵاتیی کورد بەڕێوە چووە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە جۆزەردانی ٩٢ی هەتاوییەوە هەتا جۆزەردانی ٩٦، حوکمی سێدارەی ٣٢٨ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە زیاترین ڕێژەی ئەو ئیعدامانە لە زیندانەکانی ئورمیە و کەرەج بووە.
بەپێی ئەم ئامارە، ٢١ کەس لەو ٣٢٨ هاووڵاتییە کوردە لە ڕەگەزی ژنان و ٣٠٧ کەسیش پیاو بوون.
لەم ڕێژەیە ٧ کەسیان زیندانیی سیاسیی کورد بوون کەلە سەردەمی سەرکۆماریی ڕۆحانیدا لە سێدارە دراون.
هەروەها ئەو چوار ساڵەدا دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە تۆمەتگەلی سیاسی و مەزهەبی، سزای سێداری بەسەر ٣٢ هاووڵاتیی کورددا سەپاندووە.