کەنگاوەر/ کەنجێکی کورد لە سێدارە ڕزگاری بوو
٣١ بانەمەڕ ٢٧١٧، ١٩:٠٣
هەنگاو: گەنجێکی کوردی تەمەن 28ی خەڵکی پارێزگای کرماشان، لە حاڵێکدا تەنیا چەند ڕۆژ بۆ بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی مابوو، لەلایەن خێرخوازانی کوردەوە لە گرتووخانە و سزای سێدارە ڕزگاری بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) و بە پشتبەستن بە ماڵپەڕە خۆجێیەکانی کرماشان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، خێرخوازانی شارەکانی کرماشان و کەنگاوەر، لە هەوڵێکی مرۆییدا بە کۆکردنەوەی بڕە پارەی پێویست، توانیان گەنجێکی بەندکراوی کورد لە مەرگ ڕزگار بکەن.
ڕەزا گەنجێکی کوردی تەمەن 28 ساڵی خەڵکی کەنگاوەر کە شەش ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی 22 ساڵیدا "بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست" لەلەیان هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە، سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە.
هەفتەی ثیشوو ڕەزا بۆ بەڕێوەچوونی سزاکەی برایە پای سێدارە، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە پێنج ڕۆژی دیکە دەرفەتیان پێ دان هەتا 600 ملیۆن تمەن (180 هەزار دۆلار) وەک دیە دابین بکات.
هەر بەم پێیە و لە ئەنجامی هەوڵی کۆمەڵێک خێرخوازی شاری کەنگاوەر، ئەو بڕە پارە داوا کراوە دابین کرا و ئەو گەنجە کوردەش بەمزوانە ئازاد دەکرێت.