لەسێدارە دانی یەکەم هاووڵاتیی کورد دوای هاتنەسەر کاری ڕوحانی
٢ جۆزەردان ٢٧١٧، ٢٣:٣٨
هەنگاو: تەنیا چەند ڕۆژ دوای تەوابوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران و هەڵبژاردنەوەی سەرلەنوێی حەسەن روحانی وەکوو سەرۆک کۆمار، سزای سێدارەی یەکم هاووڵاتیی کورد لە کرماشان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی جۆزەردان، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە گرتووخانەی (دێزڵئاوای) کرماشان جێبەجێ کرا.
هەواڵنێری (هەنگاو) لەشاری کرماشان ناسنامەی ئەو بەندکراوە کوردەی کە لە سێدارە دراوە "مێهرداد عەسکەری" خەڵکی شاریی حومەیلی پارێزگای کرماشان ڕاگەیاندووە.
مێهرداد عەسکەری تەمەن ٣٣ ساڵ و ماوەی ٥ ساڵە لە گرتووخانەی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگیراوە.
ناوبراو بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان" دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا بوو.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو)، لەماوەی ٤ ساڵەی یەکەمی سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕوحانیدا، سزای سێدارەی ٣٢٨ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.