کوژران و برینداربوونی چوار کۆڵبەر لە هەورامان
٥ جۆزەردان ٢٧١٧، ٠٢:٠٧
هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی هەورامان، کوژران و برینداربوونی چوار کۆڵبەری لێ کەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانی کوژرا.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری مەریوان ڕایگەیاند، لەو دەستڕێژییەی هێزە ئەمنیەتییەکاندا سێ کۆڵبەری دیکە کە یەکێکیان خەڵکی گوندی ''ولەژێر'' و دوانیشیان خەڵکی گوندی ''بندۆڵ''ی سەربە شارستانی مەریوان بوون، بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو چوار کۆڵبەرە لە شوێنێک بەناوی ''ملە پسک'' هەڵکەوتوو لە سنووری ''چیای تەتە'' لە گوندی دەرەکێی سەربەشارستانی مەریوان، دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللـەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران.
بەوتەی شایەتحاڵان ئەو سێ کۆڵبەرە بریندارە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراون.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوناسی ئەو کۆڵبەرانە نەزانراوە.