دوو هاووڵاتیی کورد لە ئورمیە دەستبەسەر کران
٩ جۆزەردان ٢٧١٧، ١٦:١٩
هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئورمیەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری (هەنگاو) ناسنامەی ئەو هاووڵاتیەی (ئەمیر پەیغامی) تەمەن ٢٨ ساڵ ڕاگەیاندووەکە لە یەکێک لە شەقامەکانی شنۆ و لەلایەن زیاتر لە ١٠ کەس لە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەمیر پەیغامی، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە، برایەکی ئەمیر بە ناوی "خالید پەیغامی" ساڵی ڕابردوو لە تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات و سوپای پاسداران لە شاری شنۆ، گیانی لە دەست دابوو.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی بۆکانی بە ناسنامەی "ئەمین ڕەحمانی" کوڕی ئەبووبەکر لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی سەردەشتەوە دەستبەسەر کراوە.
ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت دوای لێپرسینەوە ، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان ناوبراوی ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کردووە.
ناوبراو سڵی رابردووش بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرابوو.