هێزەکانی ئێران کۆڵبەرانیان دایە بەر بەرد/ شکانی مەچەکی لاقی کۆڵبەرێک + وێنە
١٢ جۆزەردان ٢٧١٧، ٠٠:٤٦
هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی کورد لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بەهۆی بەردهاویشتنی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی جۆززەردان، بەردهاویشتنی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی نەوسوود ''چیای سۆنێ'' بووە هۆی شکانی مەچەکی لاقی کۆڵبەرێکی کورد.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤی کوردستان ناوی ئەو کۆڵبەرە کوردەی ''سەرکەوت وەیسی'' تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی ''نیسکانە'' ڕاگەیاندووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە بەرهاویشتنی هێزەکانی ''پاسگای رڵە''لە حاڵیکدا بووە کە ئەو کۆڵبەرە هیچ چەشنە شتومەکێکی پێ نەبووە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی مەی زایینیدا ٤ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە و ٣٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.