ژنێڤ/ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد لە پێش بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان+ وێنە
٢٢ جۆزەردان ٢٧١٧، ١٩:٤٩
هەنگاو: لاوێکی خەڵکی سەردەشت کە خۆی پێشتر کۆڵبەر بووە، بە گێڕانی ڕۆڵی کۆڵبەر لە بەرانبەری بینکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێڤ پشتیوانی خۆی لە کۆڵبەرانی کورد دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان ( ٩ی حوزەیران)، چالاکانی کرێکاری لە وڵاتانی جۆراو جۆر بە مەبەستی پشتگیری کرێکاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لەبەرانبەر بینکەی ئەورووپایی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێک خست.
لەو گردبوونەوەیەدا، لاوێکی کورد کە خۆی پێشتر کۆڵبەر بووە بەمبەستی پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد و بە شێوەی سیمبۆلیک ڕۆڵی کۆڵبەرێکی کوردی گێڕا. ئەو لاوە کوردە هاوکات ئاڵایەکی کوردستانی بەرز کردبوویەوە.
خوسرەو خزری لە لێدوانێکدا بۆ (هەنگاو) وتی : " من بەو کارە ویستم دەنگی مەزڵومیەتی کورد و کۆڵبەرانی کورد بگەیەنم بە ناوەندە جیهانییەکان".
خزری لە درێژەدا وتی من ساڵانێکی زۆر لە سنووری سەردەشت کۆڵبەریم کردووە و چەندین اهوڕێی نیزکم لە پێش چاوم بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و یان بریندار بوون.
شیاوی وتنە کە ئەو هەوڵەی ناوبراو لەلایەن بەشداربوانی گردبوونەوەکەوە پێشوازی لێکراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری (هەنگاو٠ لەماوەی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا ١٤٣ کۆڵبەری کورد کوژراون و یان بریندار بوون. ٦٦ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە.