سزای ئێعدام بۆ چالاکێکی مەزهەبی لە ئورمیە
٢٤ جۆزەردان ٢٧١٧، ٠٣:٣٨
هەنگاو: دەزگای ''قەزایی''ی حکوومەتی تاران، زیندانییەکی مەزهەبیی خەڵکی ئورمیەی بە تاوانی چالاکیی مەزهەبی مەحکووم بە ئێعدام کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بەناوی ''داود میهەن دووست'' لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ''ئینقلاب''ی شاری ئورمیەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.
سزای ئێعدامی ئەو چالاکە مەزهەبییە کە خاکەلێوەی ئەمساڵ دەرچووە و لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ پێی ڕاگەیەنراوە. ئەو حوکمە بە تاوانی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان بەسەر میهەندووست دا سەپێندراوە.
ئەو هاووڵاتییە ٢٢ ساڵە و خەڵکی ناوچەی تەرزیلووی ئورمیەیە و هەنووکە لە بەندی ١٣ی لاوانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە بەند کراوە.
ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئورمیەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەسبەسەرگەی ئیتلاعات، ڕاپێچی بەندیخانەی ئورمیە کرا.