هونەرمەندێکی کوردی خوراسان بە تۆمەتی ناو هێنانی کوردستان و پێشمەرگە دەستگیر کرا + ڤیدیو

٢٩ جۆزەردان ٢٧١٧، ١٩:٢٢
هەنگاو: هونەرمەندێکی کورد لە باکووری خوراسان دوای چڕین و بڵاو کردنەوەی گۆرانییەک بەناوی "بژی کوردستان"  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی  ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، سێ حەفتە بەر لە ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بجنورد ناوەندی پارێزگای خوراسانی باکوور، هێرشیان کردە سەر ماڵ هونەرمەندی لاو "مێهدی پاکمێهر" و دەستگیریان کردوە. سەرچاوەیەکی جێگای باوەڕ لەو پەیوەندیەیدا بە "هەنگاو"ی راگەیاند کە ئەو هونەرمەندە کوردە ماوەی ٣ حەفتەیە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی بجنورد ڕاگیراوە و ئیزنی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکی پێ نەداوە. ئیدارەی ئیتلاعات بە تۆمەتی ناوهێنانی کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵا لەو گۆرانییەدا مێهدییان دەستبەسەر کردووە. ئەو هونەرمەندە کوردە لە گۆرانییەکەیدا باس لە یەکێتی کوردان و شەکانەوەی ئاڵای کوردستان و شکستی دوژمنان و نەیاران دەکات و وەکوو کوردێکی خوراسان شانازی بە کوردبوونی خۆی دەکات و دەڵێ گیانم دەدەم بۆ وڵات هەتا ئاڵای شەکاوە بمێنێت. لە باکووری خوراسان نزیک بە ٢ میلیۆن کورد لە دوو پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باکوور دەژین کە باو باپیرانیان ٤٠٠ ساڵ بەر لەئێستا بە زۆر کۆچ دراون بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و دوای ٤٠٠ ساڵ هێشتا فەرهەنگ و زمانی خۆیان پاراستووە و خۆشەویستییان بۆ کوردستان کەم نەبووەتەوە.   بۆ گوێگرتن لە گۆرانییەکە لێرە کلیک بکەن  

:Contact us

Tel : 009647511019899

Gmail : [email protected]

Telegram : https://t.me/hengaw_news

Facebook : https://www.facebook.com/Hengaw.new

Twitter : https://twitter.com/HengawO


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە