زەوتی کۆڵ و بێ ڕێزی بە کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان
١ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٣:٤٤
هەنگاو: هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئێران، وێڕای هەڵسووکەوتی نەشیا و بێڕێزی کردن بە کۆڵبەرانی هەورامان، کۆڵەکانیان زەوت کرد.
بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، دەستەیەک لە هێزە ئینتیزامییەکانی حکومەتی ئێران لە نەوسوود و نۆدشە هێرشیان کردە سەر کۆڵبەرانی کورد لە گەردەنەی تەتە.
یەکێک لەم کۆڵبەرانە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری "هەنگاو" وتی: "هێزەکانی حکومەت کە لەلایەن کەسێک بە ناوی موسلیم حەیدەری سەرۆکایەتی دەکران، بڕیاریان پێ درابوو کە بە توندوتیژی هەڵسوکەوت بکەن .
ناوبراو ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئێران وەکوو بێ ڕێزی پێکردن، کۆمەڵیک لەو کۆڵبەرانەیان تەمبێ کردووە و ناچاریان کردوون بە دانیشتن و هەستانەوە لە جێی خۆیان و گاڵتەیان پێکردوون.
دەوترێت کە هێزەکانی ئێران ٦ماشێن کۆڵی کۆڵبەرەکانیان بردووە و ئەوەیشی کە ماوەتەوە و نەیانتوانیوە تاڵانی بکەن ئاگریان تێ بەرداوە.