خۆکوشتنی ١٣ ژنی کورد لە وەرزی بەهاردا
٢ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٦:٥٠
هەنگاو: لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ڕێژەی خۆکوشتنی ژنانی کورد بە نیسبەت سێ مانگی کۆتایی ساڵ ڕابردوو زیادی کردووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (سێ مانگی وەرزی بەهار) ١٣ ژن و کچی کورد خۆیان کوشتووە.
٨ حاڵەتی ئەو خۆکوشتنانە کە دەکاتە ٦١% لە ڕێگای خۆ هەڵواسین، ٤ حاڵەت ٣١% لەڕێگای خۆسووتاندن و حاڵەتێکیش ٨% لە ڕێگای خۆخستنە نێو ئاوی ڕووبار تۆمار کراوە.
٥ کەس لەو لەو ژنانەی کە خۆیان کوشتووە خەڵکی مەریوان، ٢ کەس خەڵکی مەهاباد، ٢ کەس خەڵکی دیواندەرە، ٢ کەس خەڵکی سەقز و ٢ کەسیش خەڵکی شارەکانی ئورمیە و تیکاب بوون.
زۆربەی ئەو خۆکوشتنانە لەبەر کێشەی خێزانی و کێشە لەگەڵ هاوژین بووە و ٢ کەسیش بە هۆی بەشوودانی زۆرەملی و کەسێکش بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە خۆیان کوشتووە.
تێبینی؛ ئەم ئامارە تەنیا ئەوانەی لە خۆ دەگرێت کە ناسنامەی تەواویان دیار بووە و ئەگەری زۆرە ڕێژەی خۆوکشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەوە زیاتر بێت.