چارەنووسی دوو هاووڵاتیی مەریوانی نادیارە
٦ پووشپەڕ ٢٧١٧، ٠٠:٥٥
هەنگاو: دوای دوو حەفتە لە دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز، هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردان، هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات سەر بە سوپای پاسدارانی مەریوان دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەدێی "نێ" سەر بەو شارەیان دەستبەسەر کرد.
هەواڵنێری (هەنگاو) لەشاری مەریوان ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی “باست بەشتام” و “ئەمیر ئەرژەنگی” کوڕی موختار ڕاگەیاندووە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، تا ئێستا نازانرێ کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە کوێ ڕاگیراون .
یەکێک لە نزیکانی ئەمیر ئەرژەنگی بە هەواڵنێری "هەنگاو"ی ڕاگەیاند کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەبە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی "نێ" دەستبەسەر کراون.
لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ کە لە گوندی نێ بەڕێوە چوو، خەڵک بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی سروودی کوردی تایبەت بە کوردستان و پێشمەرگە بە پێشوازی ساڵی نوێوە ڕۆشتبوون.