خۆسووتاندنی دوو ژنی کورد لە دیواندەرە و سەردەشت
٧ پووشپەڕ ٢٧١٧، ٢٣:١٥
هەنگاو: دوو ژنی کورد بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دوو گوندی سەر بە دیواندەرە و سەردەشت دوو ژنی تەمەن ٢٣ سا: لەڕێگای خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆکوژییان داوە.
یەکێک لەو ژنانە کە خەڵکی دەرەگاوان سەر بە دیواندەرە بووە، پاش ئاگرتێبەردان لە جەستەی خۆی بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، بۆ نەخۆشخانەی تەورێز گوازراوەتەوە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەم ژنە کوردە، شادی مەنسووری ڕاگەیەندراوە و ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ پاش یەک حەفتە لە هەوڵی خۆکوژی گیانی لە دەستداوە.
دەوترێت کە ئەم ژنە کوردە، دایکی منداڵێکی ١٩مانگ تەمەنە و لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی بووە.
لە لایەکی دیکەوە، بێریڤان محەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە گوندی بێورانی خواروو ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
ناوبراو هەنووکە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
پزیشکەکان شانسی زیندوومانەوەی بێریڤانیان زۆر کەم ڕاگەیاندووە و دەوترێت کە بەشێکی هەرەبەرچاوی جەستەی سووتاوە.