ئیلام/ لەسێدارەدانی ٤ هاووڵاتیی کورد لە پێش چاوی خەڵک
٨ پووشپەڕ ٢٧١٧، ٢٣:٢١
هەنگاو: لە داهاتوویەکی نزیکدا، حوکمی سێدارەی چوار هاووڵاتیی کورد لە ئیلام بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو" و بە پشتبەستن بە هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، محەممەد ڕەزم، سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئێران لە ئیلام ڕایگەیاندووە کە ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە لەپێش چاوی خەڵک لەسێدار دەدرێن .
ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان لە پێش چاوی خەڵک لەسێدارە دەدرێن هەتا خەڵک لە چارەنووسی ئەوان فێر بن و چاوترسێن بکرێن.
ڕەزم وتووشیەتی کە ئەم چوار کەسە بە تاوانی "دەسدرێژیی بۆ سەر نامووسی خەڵک " سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٥١ هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کراوە کە٢ کەسیان لە پێش چاوی خەڵکەوە لەسێدارەدراون.