لێبوردنی نێودەوڵەتی: ڕامین حسێن پەناهی لە داگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێت
١١ پووشپەڕ ٢٧١٧، ٠٢:١٠
هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی قۆڵبەستکرانی چەند هاووڵاتییەک لە سنە، ڕاگەیەندراوی دەرکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە ڕۆژی هەینی ٩ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە داوای لە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران کردووە کە هەرچێ زووتر چارەنووسی پەنج گیراوی سیاسیی کورد کە چەند ڕۆژ پێش دەسبەسەرکراون، ڕوون بکاتەوە.
ڕامین حسێن پەناهی، لاوی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ کە ٢٣ی ژۆئەن لە تێکهەڵچوونێکی نیزامی لەگەڵ هێزەکانی ڕژیمی ئێران دەستبەسەرکراوە.
هەنووکە پاش زیاتر لە یەک حەفتە لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
پاش ئەم رووداوە هێزەکانی ڕژیم ڕژاونەتە ماڵی باوکی ناوبراو و براکەی ڕامین واتە ئەفشینیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
هەروەها و ڕۆژێ دواتریش هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنەماڵەیە و ٣ کەسی دیکەیان قۆڵبەست و بۆ جێگایەکی نادیار گواستووەتەوە.
پاش دەستنەسەرکرانیان، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
ئەنوەر، ئەحمەد و زبوبەیر حسێن پەناهی ئەو سێ کەسەن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای کردووە کە مافی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ ڕامین کە بە برینداری بە دیل گیراوە دابین بکرێت و هەروەها چارەنووسی هەموو گیراوەکان ڕوون بکردرێتەوە.