کوژران و برینداربوونی ١٢٢ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧

١٢ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٤:١٨
هەنگاو: لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ١٢٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و یان بریندار بوون. بەرزبوونەوەی ڕیژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە حاڵێکدایە کە سالی ٢٠١٦ ی زایینی ٩٦ کۆڵبەری کورد ببوونە قوربانی. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ ی زایینیدا، ٣٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ٨٣ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش بریندار بوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٣٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون کە ١٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٩ کۆڵبەر بەهۆی هەرەسی بەفر، ٨ کۆڵبەر بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەربوونەوە لە بەرزایی، ٣ کۆڵبەر بە هۆی زوقم و سەرما و ٢ کۆڵبەری بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانیان لە دەست داوە. ٢٥ کەس لەو کۆڵبەر و کاسباکرانە خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ١٣ کەس خەڵکی پاریزگای سنە و کەسێکیش خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون. هەروەها، لەو ماوەیەدا ٨٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون کە ٤١ کەسیان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢٥ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٦ کەسیان بە هۆی هەرەسی بەفر، ٥ کەس بە هۆی سەرمابردوویی، ٣ کەس بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی، کەسیک بەهۆی بەرد لێدانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ، کەسیک بە هۆی کەوتنە ژێر بار و کەسێکیش بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون. لەو ژمارەیە ٤٢ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٣٢ کەسیان خەلکی پارێزگای سنە، ٧ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان و کۆڵبەریکیش خەڵکی باشووری کوردستان بووە. زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی خەڵکی شارەکانی مەریوان و سەردەشت بوون. لەو ماوەیەدا ٨ کۆڵبەری سەردەشتی کوژراون و ٢٠ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها دوو کۆڵبەری مەریوانی کوژراون و ٢٩ کۆڵبەریش بریندار بوون کە زۆربەیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بووە. بە پشتبەسین نە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لەماوەی سالی ٢٠١٦ی زایینیدا ٤٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژرابوون و ٤٧ کەسی دیکەش بریندار بوون کە سەرجەم ٩٦ کەس بوون.  

:Contact us

Tel : 009647511019899

Gmail : [email protected]

Telegram : https://t.me/hengaw_news

Facebook : https://www.facebook.com/Hengaw.new

Twitter : https://twitter.com/HengawO


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە