٤٠ ڕۆژە چارەنووسی هونەرمەندێکی کورد لە خوراسان نادیارە
١٥ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٣:١٩
هەنگاو: یەکێک لە هونەرمەندانی کوردی خوراسان کە مانگێک پێش لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بوجنوردەوە دەستبەسەر کراوە، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
بەپێێ ڕاپۆرتی "هەنگاو"، چارەنووسی "مێهدی پاکمێهر" هونەرمەندی لاوی خەلکی بوجنورد ناوەندی پارێزگای خوراسانی باکوور، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر رکانی نادیارە.
ئەو هونەرمەندە کوردە پاش بڵاوکردنەوەی ئاهەنگی "بژی کوردستان و بە تۆمەتی ناوهێنانی ئالای کوردستان، کوردستان و پێشمەرگە ٤٠ ڕۆژ پێش دەستبەسەر کراوە و بنەماڵەکەی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە دۆخی ڕۆڵەکەیان ئاگادار بن و نازان ک ەلە کوێ ڕاگیراوە.
ناوبراو لە گۆرانییەکەیدا باس لە یەکێتی کوردان و شەکانەوەی ئاڵای کوردستان و شکستی دوژمنان و نەیاران دەکات و وەکوو کوردێکی خوراسان شانازی بە کوردبوونی خۆی دەکات و دەڵێ گیانم دەدەم بۆ وڵات هەتا ئاڵای شەکاوە بمێنێت.
لە باکووری خوراسان نزیک بە ٢ میلیۆن کورد لە دوو پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باکوور دەژین کە باو باپیرانیان ٤٠٠ ساڵ بەر لەئێستا بە زۆر کۆچ دراون بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و دوای ٤٠٠ ساڵ هێشتا فەرهەنگ و زمانی خۆیان پاراستووە و خۆشەویستییان بۆ کوردستان کەم نەبووەتەوە.