ناڕوونی چارەنووسی ڕامین حسێن پەناهی پاش ١٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بە برینداری

٢١ پووشپەڕ ٢٧١٧، ٠٠:٥٥
هەنگاو: دایکی ڕامین کە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی ئیتلاعاتی ڕژیمی کردبوو، لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنیەوە بێڕێزی پێکراوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ١٩ ڕۆژ پێش ئێستا بوو کە ڕامین حسێن پەناهی، پێشمەرگەی کۆمەڵە لە تێکهەڵچوونێکدا لە نێوان کۆمەڵە و هێزەکانی سوپای پاسداران کە تێیدا ٣ پێشمەرگەی کۆمەڵە گیانیان بەخت کردبوو، بە برینداری بە دیل گیرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش دەستبەسەرکران بە برینداری لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. لەم بارەیەوە زانیارییەکانی "هەنگاو" باس لەوە دەکەن کە پاش گواستنەوەی ڕامین بۆ تاران لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکومەت لە سنە دژکردەوەی نیشان داوە و گوشاری خستووەتە سەر سوپای پاسداران تاوەکوو ڕامین بگەڕێننەوە بۆ کوردستان و ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بکرێتەوە. دەوترێت کە ڕامین بەبێ وەرگرتنی چارەسەریی تەواوی پزیشکی بۆ ئیتلاعاتی سنە گوێزراوەتەوە و لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزە دژە مرۆڤییانەدا گورچیلەیەکی لەدەستداوە. دایکی ڕامین کە ژنێکی کوردی بەساڵاچووە، بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی لەسەر چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەی کردبوو، بەڵام ئەم ئیدارەیە وێڕای بێڕێزی و کردنە دەرەوەی ناوبراو پێیان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەی ئەو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و ئەمان لە چارەنووسی بەرپرسیار نین. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای پاسدارانیش پێیانی ڕاگەیاندووە کە ڕامین ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە. هەنووکە و پاش ١٩ ڕۆژ لە بەدیلی گیرانی بە برینداری، هیچ جۆرە زانیارییەکی باوەڕپێکراو لەمەڕ چارەنووسی ڕامین لەبەر دەستدا نییە. تاوەکوو ئێستا چەندین کەمپەینی مافی مرۆڤی ڕوو بە دنیای دەرەوە بۆ ڕامین ڕێک خراون و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش لەو بارەیەوە داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی تاران کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ لەم هەوڵانە ئاکامێکی بەدواوە نەبووە. بڕیارە بۆ پشتیوانی لە ڕامین و لەژێر ناوی ئێمە دەنگی ڕامین حسێن پەناهین، چالاکانی کورد لە ئورووپا لەبەردەم پارلمانی ئورووپا لە برووکسێل کۆ ببنەوە و دەنگی ڕامین بە پارلمانی ئورووپا بگەیەنن.  

:Contact us

Tel : 009647511019899

Gmail : [email protected]

Telegram : https://t.me/hengaw_news

Facebook : https://www.facebook.com/Hengaw.new

Twitter : https://twitter.com/HengawO


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە