سەقز..کوژرانی ئەسبی کاسبکاران و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانیان
٢١ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٤:٤٢
هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری سەقز دەستڕێژی گولەیان کردە سەر پۆلێک کاسبکاری کورد و لە ئاکامدا چەند ئەسبی ئەو کاسبکارانە کوژرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە "هەنگاو"، ئێوارەی ڕۆژی سێشەمە ٢٠ی پووشپەڕ، کۆمەڵێک کۆڵبەر و کاسبکاری کورد، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی جێگیر لە پاسگای "بسام" لە ناوچەی سەرشیوی شاری سەقز.
هەواڵنێری "هەنگاو" لە شاری سەقز، وێڕای پشتراسکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە بە هۆی گولەبارانی هێزە ئینتزامیەکان، ٧ ئەسبی کاسبکارەکان کوژران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە وێڕای کوشتنی ئەسپی کاسبکاران، دەستیان بەسەر کەلوپەلی کاسبکارەکاندا گرتووە.