فەرمانبەرێکی ئیدارەی شارەوانی مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی خۆی کوشت
هەنگاو: یەکێک لە فەرمانبەرەکانی ئیدارەی شارەوانی مەهاباد بە هۆی کێشەی ئابووری و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بینای ئەو ئیدارەیە خۆی هەڵواسی.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، شەوی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ، یەکێک لە فەرمانبەرەکانی بەشی ئیدارەی شارەوانیی مەهاباد لە شوێنی کارەکەی خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری مەهاباد ناسنامەی ئەو فەرمانبەرە کوردەی "هەڵمەت کەریمی" ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو فەرمانبەرە بە هۆی کێشەی ئابووری و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی هەڵواسیوە.
یەکێک لە فەرمانبەرەکانی شارەوانیی مەهاباد بە "هەنگاو"ی ڕاگەیاند کە ئەو ئیدارەیە ٣٤ میلیارد تمەن قەرزدارە و ماوەی ٣ مانگە کە کرێکار و فەرمانبەرەکانی ئەو ئیدارەیە موچەیان پێنەدراوە.
هەرچەند شارەوانیی مەهاباد نزیک دوو ساڵە کە تووشی قەیرانی ئابووری بووە، بەڵام کاشیکاری، ڕەنگ کردنی دیوار و پەنجەرە و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بەرق کێشی و لوولەکێشی ئیدارەکانی ئیتلاعات، سوپای پاسداران و تەنانەت هۆتێل "تارا"ش لە ئەستۆی ئەو ئیدارەیە بووە.
ئەو فەرمانبەرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی شارەوانیی مەهاباد زیاتر لە ٥٠ فەرمانبەری هەیە کە ناویان تەنیا ناو لیستی مووچە هەیە و لە بەڕێوەبردنی ئەوی ئەو ئیدارەیەدا هیچ ڕۆڵێکیان نیە.