دەزگیرانی ئەو گەنجە کامیارانیەی کە هێزەکانی ئێران کوشتیان، خۆی کوشت
٢٣ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٩:٢٣
هەنگاو: دەزگیرانی ئەو گەنجە کامیارانیەی کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئێران لە شاری کرماشان تەقەیان لێکرد و کوشتیان، خۆی هەڵواسی.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو"، دەزگیرانی "جەماڵ ڕەحمانی" تەمەن ٢٢ ساڵ کە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ بە گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن چەکدارانی حکومەتی ئێران لە شاری کرماشان کرابوویە ئامانج و گیانی لە دەست دابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەحمانی، دەزگیرانی جەماڵ بەناوی "نێدا. م" کە خەڵکی شاری شیراز بووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ و تەنیا ٣ ڕۆژ دوای کوژرانی دەزگیرانەکەی، خۆی هەڵواسییەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
پێشتر "هەنگاو" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئۆتۆمبێلی جەماڵ ڕەحمانی لەکاتێکدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە کە هیچ جۆرە کاڵایەکی پێ نەبووە.