خۆی/ ٤ کۆڵبەر بەتەقەی هێزەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون
٢٨ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٨:٣٢
هەنگاو:هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژهەڵات هێرشیان کردە سەر پۆلێک کۆڵبەر کە قربانی بوونی ٤ کۆڵبەری لێ کەوتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە “هەنگاو ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە ٢٦ ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لە سنوری ”قوتوور”دەسڕێژی گولەیان کردووەتە سەر دەستەیەک لە کۆڵبەران.
هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری خۆی ڕایگەیاندووە لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، کۆڵبەرێک بە ناوی “ئەمیر خالیدی” گیانی لەدەست داوە و ٣ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.
تا ئێستا ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرە بریندارە بۆ هەنگاو ڕوون نیە و ئەم کۆڵبەران بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی شاری خۆی کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار کۆڵبەرە هیچ کاڵایەکیان پێ نەبووە و لە نێو خاکی ئێران لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێ کراوە.