ئورمیە/ کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار کرا+ ئامار
٣٠ پووشپەڕ ٢٧١٧، ٢٣:٤٠
هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری ئورمیە کۆڵبەرێکی کوردیان بریندار کرد. لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو"، شەوی چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی "عەینوڵڵا سەیداری فەڕ" لە ناوچەی زێویەی ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.
ئەو کۆڵبەرە بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو کۆڵبەرە باری گازۆئیلی پێ بووە و لەڕێگای سنووری باکووری کوردستان تەقەی لێکراوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، تەنیا لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٤ کاسبکار و کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون و ٥ کەسی دیکەش بریندار کراون.