حوکمی سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کرا
١ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٣:٤٨
هەنگاو: حوکمی سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا. لەماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی سێدارەی ١٢ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو"، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕ، حوکمی سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەی "پارسیلۆن"ی خوڕەمئاوا بەڕێوە چوو.
ناسنامەی ئەو دوو کەسە "ئیرەج قوبادی" کوڕی ڕەشید و "کاووس مەلەکی" کوڕی محەممەد ڕاگەیەندراوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە هەر دوویان جووتیار بوون و بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان دەستبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لەماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی سێدارەی ١٢ بەندکراوی کورد کە گرتووخانەکانی ئورمیە، کەرەج، خوڕەمئاوا و هەمەدان جێبەجێ کراوە.