کوژرانی گوماناوی سەربازێکی کورد لە پاوە
هەنگاو: سەربازێکی دیکەی کورد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا و بەرپرسانی سەربازی ئێرانیـس دەڵێن خۆی کوستووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیـشیتوو بە هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژ، سەربازێکی کورد لە ناوەندی فەرماندەیی هەنگی سنووریی پاوە بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری پاوە ناسنامەی ئەو سەربازە کوردەی (میلاد خەزایی) خەڵکی شاری کەنگاوەر (کەنگەڤەر) سەر بە پارێزگای کرماشان ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی هەنگی سنووری پاوە بە بنەماڵەی ئەو سەربازە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە بە چەک و بە هۆیەکی نادیارەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەی میلاد ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان هیچ جۆرە کێشەیەکی نەبووە هەتا پەنا بۆ خۆکوژی ببات.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە چوارەمین سەربازی کوردە کە لەکاتی بەڕێوەبردنی ئەرکی زۆرەملی سەربازی گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی سەربازی ئێرانیـش ڕایان گەیاندووە کە خۆیان کوشتووە.