ژنێکی سەقزی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرا

٩ گەلاوێژ ٢٧١٧، ٠٢:٥٦
هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو"، سەرەتای مانگی گەلاوێژ هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنی خەڵکی سەقز بە ناوی "فاتیمە ئەلماسی" و دەستبەسەریان کردووە. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی فاتمە ئەلماسی، هێزە ئەمنیەکان دوای دەستبەسەر کرانی ناوبراو، خانووەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی وەکوو کۆمپیوتەر و .... ناوبراودا گرتووە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فاتیمە پاش ٥ ڕۆژ ڕاگیران لە زیندان بە دانانی بارمتەی  ٢٥٠ میلیون تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو چالاکە کوردە ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ بۆ جارێکی دیکە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز  و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. فاتیمە ئەڵماسی مامۆستای خانەنشینکراوە و دانیشتووی گەڕەکی حەماڵئاوای شاری سەقزە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا سی جاری دیکە دەستبەسەر کراوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە