کوژران و بریندار بوونی ١٤٤ کۆڵبەری کورد لە ٧ مانگدا
١٠ گەلاوێژ ٢٧١٧، ٠٢:٣٣
هەنگاو: لەماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی ئەستاندووە. بە شێوەیەکی نێونجی هەر مانگ ٢١ کۆڵبەر بوون بە قوربانی.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی ٧ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا، ١٤٤ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە و یان بریندار بوون.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ٤٧ کۆڵبەر و کاسبکاری گیانیان لە دەست داوە کە ٢٤ کەسیان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و ٢٣ کەسیشیان بە هۆی ڕوووداوی هاتووچۆ یان ڕووداوە سروشتییەکان گیانیان لە دەست داوە.
هاوکات ٩٧ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون کە ٥٣ حاڵەت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و ٤٤ حاڵەتی دیکەش بە هۆی ڕووداوی هاتووجۆ و ڕووداوە سروشتییەکان تۆمار کراوە.
تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە لە کاتێکدایە کە بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی سالی ٢٠١٦ی زایینی ٩٦ کۆڵبەر کوژرابوون و یان بریندار کرا بوون، بەڵام ئێستا تەنیا لە ماوەی ٧ مانگدا ئەو ڕێژەیە ٤٨ حاڵەت زیادی کردووە.