کۆڵبەرێکی کورد پاش ٦ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا+ ئامار
١٢ گەلاوێژ ٢٧١٧، ٠٣:٤٧
هەنگاو: ئەو کۆڵبەرەی کەحەوتووی ڕابردو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرابوو، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری مەهاباد گیانی لە دەست دا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە "هەنگاو"، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی "جەلال باڵان" ڕۆژی چوارشەمە و دوایی ٦ ڕۆژ مانەوە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی لە شاری مەهاباد گیانی لەدەست دا.
جەلال باڵان کوری موحەممەد، ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ لە لایەن هێزەچەکدارەکانی ئێران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پێگەی "کونە مشکان" درایە بەر دەسڕێژی گوولە و سەری بە سەختی بریندار ببوو.
ئەم کۆڵبەرە لە کاتێکدا لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران هێرش کرایە سەری کە هاورێیەکی دیکەی کۆڵبەری بە ناوی "مەنسور ڕەسوولی ئازەر" بە هۆی کەوتنە سەر میندا، لاقێکی لەدەست دابوو.
بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری "هەنگاو" لە سەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە ٤٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لەدەست داوە کە ٢٥ کەسیان بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.