دوو هاووڵاتیی مەهابادی دەستبەسەر کران
٢٠ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٦:٢٩
هەنگاو: دوو فیلم هەڵگری خەڵکی مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان کە ئامۆزای ئەکتریش بوون دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری مەهاباد ناسنامەی ئەو دوو کەسەی "خالید کاکە ئەڵڵاهی" تەمەن ٣٣ ساڵ و "ناسر کاکە ئەڵڵاهی" تەمەن ٢٩ ساڵ ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە دوای گەڕانەوەیان لە پیرانشار دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانیان نەزانراوە.
خالید و ناسر فیلم هەڵگر بوون و خالید ساڵی ١٣٨٦ دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد راگیرابوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو" لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.