تەقینەوەی مین لە مەریوان قوربانییەکی لێکەوتەوە+ وێنە

٢١ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٣:٣٤

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد لە مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی " هەنگاو"، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژ ( ٩ی ئاگۆست) ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٦ ساڵەی کورد بە ناوی "لوقمان حەکیمی" بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

ناوبراو پاش تەقینەوەی مینەکە بەدەستیدا بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی "فەجر" لە شاری مەریوان لە ژێر چاوەدێری پزشکی دایە و بارودۆخی جەستەیی نالەبار راگەیەندراوە.

لوقمان حەکیمی لەکاتی کۆکردنەوەی دار بۆ ئاگرکردنەوە لەکاتی شاخەوانیدا چاوێکی، قامکەکانیدەستی چەپی بە تەواوەتی و ٣ قامکی دەستی ڕاستی لە دەست داوە.

ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەتا ئێستا بەشێوەی پێویست لە مینی چێنراوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق خاوێن نەکراونەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستدایە، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران، ٢٠ میلیۆن مینی چێندراوی لێ ماوەتەوە و بە هۆی روانگەی ئەمنییەتی و سنووری، زیاترین مینە چێندراوەکان لە ئێران لە پێنج پارێزگای سنووری خوزستان، ئیلام، کرماشان، سـنە و ئورمیە دایە و لە ئەگەری خاوێنکردنەوەشدا ناوەندە دەوڵەتییەكان تەنیا هەتا قووڵایی ٣٠ سانتیمتری مینە چێندراوەکان خاوێن دەکاتەوە.

بۆ بینینی وێنەی زیاتر کلیک لە سەر ئێرە بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە