درێژەی مانگرتنی ١٧ زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج
٢٧ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٦:٠٢
هەنگاو: هەڤدە زیندانیی سیاسیی کە چوار کەسیان کوردن، ماوەی نزیک ٢٠ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ئەو بەندکراوانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گواستنەوەیان بۆ بەندی تواو ئەمنیەتی، هەڤدە زیندانی سیاسیی لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، مانیان لە خواردن گرتووە.
ناسنامەی ١٢ کەس لەو زیندانییە سیاسییانە، سەعید شیرزاد، زانیار و لوقمان مورادی، هووشەنگ ڕەزایی، ئەبولقاسم فوولادوەند، سەعید ماسووری، موحەمەد بەنازادە ئەمیرخزری، ئەمیر قازیان، خالید عەردانی، شاهین زەوقی تەبار، جەعفەر ئیقدامی، مەجید ئەسەدی و پەیام شەکیبا ڕاگەیەندراوە.
ناسنامەی پەنج زیندانیی دیکە کە لەگەڵ ئەم ١٢ کەسەدا مانیان لە خواردن گرتووە تاوەکوو ئێستا بۆ هەواڵدەرییەکان ڕوون نەبووەتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییانە لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژەوە مانیان لە خواردن گرتووە و بەو شێوەیە ئەمڕۆ ١٩ـمین ڕۆژی مامگرتنەکەیان تێ دەپەڕێنن.